پەرتوکا ژمارە ۱
پەرتوک بانکێکی پڕ لە زانست و زانیاری هەمەڕەنگەیە، کانییەکی ئاو سازگاری روون و هەمیشە خوڕە. هەرکەسێک بە خوێندنەوەی پەرتوک گۆش و گەورە کرابێت، هەرگیز بچووک نابێتەوە. پەرتوک جوانترین و بەهادارترین دیارییە. ئەگەرچی هەندێک پێیان وایە لەم رۆژگارەدا، بە هۆی تەکنۆلۆژیا و داهێنانی ئامێری تازەوە، بە هۆی ئێنتەرنێت و خوێندنەوەی ئەلیکترۆنییەوە، کەمتر پەرتوکی چاپکراو دەخوێنرێنەوە، بەڵام هەرچەند تەکنۆلۆژیای پێشبکەوێت و ئامێری تازەش بێنە کایەوە، چێژی خوێندنەوەی پەرتوکی نووسراو و چاپکراوی باش و بەسوود کاڵ نابێتەوە.
توێژینەوەیەکی پراکتیکی نوێی ئەمریکی، ئەوەی سەلماند کە خوێندنەوەی پەرتوک، کاریگەرییەکی ئەرێنی و باشی دەبێت بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤ لە دوودڵی و خەمۆکی و بێزاری و گوشار و باردۆخی نەرێنی دەروونی.
پێویستە دان بەو راستییەدا بنێین کە هەموومان، بە تایبەتیش رۆشنبیران و نووسەران تا رادەیەکی زۆر قەرزاری خوێندنەوەی پەرتوکی هەمەچەشنەین. خوێندنەوەی پەرتوک هۆیەکی سەرەکییە بۆ دەوڵەمەند بوونمان بە زانست و بە زانیـاری هەمەچەشنە، بۆ زیاتر رۆشنبیری بوونمان، هۆیەکە بۆ زمان پاراوی و بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانمان بە وشە و بە زاراوەی نوێ، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانین باشتر وجوانتر گوزارشت لە بیر و خەیاڵ و بۆچوونی ناخی دەروونمان بکەین.
